بەشی یەک
خودا، درووستکراوان و کەوتن، یاسا
پرسیاری ١
تاکە هیوامان بە ژیان و مردن چییە؟
ئێمە هی خۆمان نین، بەڵکو ئێمە بە جەستە و ڕۆحمان هی خودا و رزگارکەرەکەمانین کە عیسای مەسیحە، چ لە ژیان و چ لە مردندا.
پرسیاری ٢
خودا چییە؟
خودا دروستکەر و ژیان پێدەری هەموو کەسێک و هەموو شتێکە. ئەو (ئەزەلی و ئەبەدی) هەمیشەیی و بێکۆتایە و نەگۆڕە لە هێز و کامڵبوونی و چاکە و شکۆمەندی و حیکمەت و دادپەروەری و ڕاستییەکەیدا. هیچ شتێک ڕوونادات تەنها لە ڕێگەی ئەو و بە ویستی ئەوەوە نەبێت.
پرسیاری ٣
چەند کەس لە خوادا هەیە؟
لە یەک خودای ڕاستەقینە و زیندوودا سێ کەس هەیە: باوک و کوڕ و ڕۆحی پیرۆز. لە جەوهەردا وەک یەکن، لە دەسەڵات و شکۆمەندیدا یەکسانن.
پرسیاری ٤
چۆن و بۆچی خودا ئێمەی دروست کردووە؟
خودا ئێمەی نێر و مێی لەسەر وێنەی خۆی دروست کردووە بۆ ئەوەی بیناسین و خۆشمان بوێت و لەگەڵیدا بژین و ناوی بەرز و بە شکۆوە رابگرین. ئێمە لەلایەن خوداوە دروستکراوین تا بۆ شکۆمەندی ئەو بژین.
پرسیاری ٥
خودا چی تری درووست کردووە؟
خودا بە وشە بەهێزەکەی هەموو شتێکی درووست کردووە، هەموو درووستکراوەکانی زۆر باش بوون؛ هەموو شتێک لە ژێر دەسەڵاتی خۆشەویستی ئەودا گەشە دەکات.
پرسیاری ٦
چۆن دەتوانین شکۆمەندی خودا دەربخەین؟
ئێمە شکۆمەندی خودا دەردەخەین بە خۆشویستن و متمانەکردن پێی، هەروەها بە گوێڕایەڵیکردنی ویست و فەرمان و یاساکانی.
پرسیاری ٧
یاسای خودا داوای چی دەکات؟
گوێڕایەڵبوونی کەسیی و گوێڕایەڵبوون بۆ کامڵی بەبەردەوامی؛ کە بە هەموو دڵ و گیان و بیر و هێزمان خودامان خۆش بوێت. هەروەها نزیکەکانمان وەک خۆمان خۆش بوێت. ئەوەی خودا قەدەغەی دەکات هەرگیز نابێت بکرێت و ئەوەی خوداش فەرمانی پێدەکات هەمیشە بکرێت.
پرسیاری ٨
یاسای خودا کە لە دە ڕاسپاردەکەدا هاتووە چییە؟
خودای دیکەی بێجگە لە منتان نەبێت. بت بۆ خۆتان دروستمەکەن، نە لە هیچ شێوەیەکی ئەوانەی لە ئاسمانن لە سەرەوە، نە ئەوانەی لەسەر زەوین لە خوارەوە، نە ئەوانەی لەناو ئاون لەژێر زەوییەوە. کڕنۆشیان بۆ مەبەن و مەیانپەرستن. ناوی یەزدانی پەروەردگارتان بۆ شتی پووچ مەهێنن. ڕۆژی شەممەتان لە یاد بێت، تاکو بە پیرۆزی ڕایبگرن. ڕێزی دایک و باوکتان بگرن. مەکوژن. داوێنپیسی مەکەن. دزی مەکەن. بە درۆ شایەتی لەسەر کەس مەدەن. چاو مەبڕنە ماڵی کەس.
پرسیاری ٩
خودا لە فەرمانی یەکەم و دووەم و سێیەمدا داوای چی دەکات؟
یەکەم: خودا وەک تاکە خودای ڕاست و زیندوو بناسین و متمانەمان پێی هەبێ. دووەم: خۆمان لە هەموو بت پەرستییەک بەدوور بگرین و بە شێوەیەکی نادروستیش خودا نەپەرستین. سێیەم: ئێمە بە ترس و ڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ ناوی خودا بکەین، و ڕێز لە وشە و کارەکانی بگرین.
پرسیاری ١٠
خودا لە فەرمانی چوارەم و پێنجەمدا داوای چی دەکات؟
چوارەم: لە ڕۆژی شەممەدا کات بەسەر ببەین بۆ پەرستنی خودا بە گشتی و بە تایبەت، پشوودان لە کاروبارەکانی هەفتە، خزمەتکردن بە پەروەردگار و ئەوانی تر، بەم شێوەیە چاوەڕێی شەممەی هەمیشەیی (هەتاهەتایی) دەکەین. پێنجەم: ئێمە باوک و دایکمان خۆشبوێت و ڕێزیان لێبگرین، ملکەچ و گوێڕایەڵی پەروەردە و ڕێنمایی خودایی ئەوان بین.
پرسیاری ١١
خودا لە فەرمانی شەشەم و حەوتەم و هەشتەمدا داوای چی دەکات؟
شەشەم: ئێمە ئازاری هیچ کەسێک نەدەین، و ڕقمان لێیان نەبێت، و دوژمنایەتی نزیکەکانمان نەکەین، بەڵکو دەبێت ئارامگر و ئاشتیخواز بین. تەنانەت دەبێ بە خۆشەویستیشەوە بەدوای دوژمنەکانماندا بگەڕێین. حەوتەم: خۆمان لە بێ ڕەوشتی سێکسی بەدوور بگرین و بە پاکی و بە دڵسۆزی بژین، جا لە ژیانی هاوسەرگیریدا بێت یان پێش هاوسەرگیری. هەروەها دوور بکەوینەوە لە هەموو کردار و نیگا و قسە و بیرکردنەوە و ئارەزوو و هەرچییەک کە ببێتە هۆی دروستبوونی ناپاکی. هەشتەم: ئێمە بێ مۆڵەت ئەو شتانە وەرنەگرین کە هی کەسێکی ترە، هەروەها ئەو شتانەش لای خۆمان هەڵنەگرین و تەنها بۆ خۆمان قۆرخی نەکەین کە سوود بە کەسانی تر دەگەیەنێت، پێیوستە لەو شتانە ببەخشین. ئەمە شتی ماددی و ناماددی دەگرێتەوە، وەک؛ کەلوپەل و خۆشەویستی و سۆز و ئاشتی.
پرسیاری ١٢
خودا لە فەرمانی نۆیەم و دەیەمدا داوای چی دەکات؟
نۆیەم: درۆ نەکەین و کەس فریو نەدەین، بەڵکو بە خۆشەویستییەوە باسی ڕاستی بکەین . دەیەم: ڕازی بین بەوەی کە هەمانە، ئیرەیی بە کەس نەبەین و نارەزایی دەرنەبڕین بەوەی کە خودا بۆ ئەوەی بە ئێمە بەخشیوە و ئەوەشی بە ئەوانی تر بەخشیوە!
پرسیاری ١٣
ئایا هیچ کەسێک دەتوانێت بە تەواوی گوێڕایەڵی یاسای خودا بێت؟
لە دوای یەکەم کەوتنە گوناهەوە لەلایەن ئادەم و حەوا، هیچ مرۆڤێک نەیتوانیوە بە تەواوی گوێڕایەڵی یاسای خودا بێت، بەڵکو بەردەوام لە بیرکردنەوە و قسە و کرداردا دەیشکێنێت.
پرسیاری ١٤
ئایا خودا ئێمەی دروست کردووە کە نەتوانین گوێڕایەڵی یاساکەی بین؟
نەخێر، بەڵام بەهۆی سەرپێچی دایک و باوکی یەکەممان، ئادەم و حەوا، هەموو دروستکراوەکان کەوتوون و لەژێر باری گوناهدان؛ هەموومان لە گوناه و تاواندا لەدایک بووین، ئێمە لە سرووشتی خۆماندا خراپین و ناتوانین گوێڕایەڵی یاسای خودا بین.
پرسیاری ١٥
مادام کەس ناتوانێت گوێڕایەڵی یاسای خودا بێت، کەوایە مەبەستەکەی چییە؟
بۆ ئەوەی سرووشتی پیرۆز و ویستی خودا و سروشتی گوناه و یاخیبوونی دڵەکانمان بزانین، کەوایە بۆ ئەمەش پێویستمان بە ڕزگارکەرێک هەیە. هەروها یاساکانی خودا فێرمان دەکات و هانمان دەدات بۆ ئەوەی ژیانێکی شایستە وەک ژیانی ڕزگارکەرەکەمان بژین.
پرسیاری ١٦
گوناه چییە؟
گوناه بریتییە لە ڕەتکردنەوە یان پشتگوێخستنی خودا لەو جیهانەی کە درووستی کردووە، یاخیبوونە لە دژی خودا بەبێ گرنگیدان بە خودا. هەروەها ئەنجامنەدانی ئەوەی کە خودا لە یاساکانیدا داوای دەکات، کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی مردنمان و لەناوچوونی هەموو دروستکراوان.
پرسیاری ١٧
بتپەرستی چییە؟
بتپەرستی بریتییە لە متمانەکردن بە شتە دروستکراوەکان نەک بە دروستکەر بۆ هیوا و بەختەوەری و گرنگی و ئاسایشمان.
پرسیاری ١٨
ئایا خودا ڕێگە دەدات سەرپێچی و بتپەرستیمان بێ سزا بمێنێتەوە؟
نەخێر، هەموو گوناهێک دژی سەروەری و پیرۆزی و چاکەی خودایە، هەروەها دژی یاسا راستودرووستەکەیەتی، خوداش لە گوناهەکانمان تووڕەیە و بە حوکمی دادپەروەرانەی خۆی سزای گوناهەکانمان دەدات هەم لەم ژیانەدا، هەم لە ژیانی داهاتوودا.
پرسیاری ١٩
ئایا هیچ ڕێگەیەک هەیە بۆ ڕزگاربوون لە سزا و گەڕانەوە بۆ ڕەزامەندی خودا؟
بەڵێ، رازی بوون بە دادپەروەرییەکەی، خودا بە رەحم و سۆزی خۆی لەگەڵ خۆی ئاشتمان دەکاتەوە و لە گوناه و لە سزای گوناه ڕزگارمان دەکات، ئەویش لەلایەن رزگارکەرێکەوە.
پرسیاری ٢٠
رزگارکەر کێیە؟
تاکە رزگارکەر عیسای مەسیحی پەروەردگارە، کوڕی ئەزەلی خودا، کە بوو بە مرۆڤ و خۆی سزای گوناهی لە ئەستۆ گرت.
بەشی دوو
مەسیح، ڕزگاری، نیعمەت
پرسیاری ٢١
چ جۆرە رزگارکەرێک پێویستە بۆ ئەوەی ئێمە بگەڕێنێتەوە بۆ لای خودا؟
ڕزگارکەرێک کە بەڕاستی مرۆڤە و هەروەها بەڕاستی خودایە.
پرسیاری ٢٢
بۆچی دەبێت رزگارکەر بەڕاستی مرۆڤ بێت؟
بۆ ئەوەی لە سروشتی مرۆڤدا لە جیاتی ئێمە بە تەواوی گوێڕایەڵی یاساکانی خودا بێت و سزای گوناهی مرۆڤ بچێژێت؛ هەروەها بۆ ئەوەی هاوخەمی لاوازییەکانمان بێت.
پرسیاری ٢٣
بۆچی دەبێت رزگارکەر بەڕاستی خودا بێت؟
تاکو بەهۆی سرووشتە خواییەکەیەوە گوێڕایەڵبوون و ئازارەکانی تەواو و کاریگەر بن؛ هەروەها تا بتوانێت بەرگەی تووڕەیی ڕاستودروستی خودا بگرێت لە دژی گوناه و لەگەڵ ئەوەشدا بەسەر مردندا زاڵ بێت.
پرسیاری ٢٤
بۆچی پێویست بوو مەسیحی رزگارکەر بمرێت؟
بەو پێیەی مردن سزای گوناهە، مەسیح بە ویست و خۆشی خۆی لە شوێنی ئێمەدا مرد بۆ ئەوەی لە هێز و سزای گوناه ڕزگارمان بکات و بمانگەڕێنێتەوە بۆ لای خودا. بە مردنەکەی لە جیاتی ئێمە وەک کەفارەتی گوناهەکانمان، ئەوا مەسیح بە تەنیا لە دۆزەخ ڕزگارمان دەکات و لێخۆشبوونی گوناه و ڕاستودروستی و ژیانی هەتاهەتایی بۆ ئێمە بەدەست دەهێنێت.
پرسیاری ٢٥
ئایا مردنی مەسیح بەو مانایە دێت کە دەکرێ خودا لە هەموو گوناهەکانمان خۆش ببێت؟
بەڵێ، لەبەر ئەوەی مردنی مەسیح لەسەر خاچ بە تەواوی سزای گوناهەکانمانی داوە، خودا بە میهرەبانییەوە ڕاستودروستی مەسیح لەسەر ئێمە حیساب دەکات وەک ئەوەی کە هی خۆمان بێت و چیتر گوناهەکانمان وەبیر خۆی نەهێنێتەوە.
پرسیاری ٢٦
مردنی مەسیح چی تر دەکڕێتەوە؟
مردنی مەسیح سەرەتای کڕینەوە و نوێبوونەوەی هەموو ئەو درووستکراوانەیە کە کەوتوون بەهۆی گوناهەوە، وەک چۆن بە هێزەوە هەموو شتەکان ئاراستە دەکات بۆ شکۆمەندی خۆی و چاکەی دروستکراوەکان.
پرسیاری ٢٧
ئایا هەموو مرۆڤەکان، هەروەک چۆن لە ڕێگەی ئادەمەوە ون بوون، لە ڕێگەی مەسیحەوە ڕزگاریان بوو؟
نەخێر، تەنها ئەو کەسانەی کە لەلایەن خوداوە هەڵدەبژێردرێن و بە باوەڕ لەگەڵ مەسیح یەکدەگرن. سەرەڕای ئەوەش خودا بە میهرەبانی خۆی نیعمەتی گشتی نیشانی ئەوانەش دەدات کە هەڵنەبژێردراون، بە کۆنتڕۆڵکردنی کاریگەرییەکانی گوناه و فەراهەمکردنی شتی باش لە پێناو خۆشگوزەرانی مرۆڤ.
پرسیاری ٢٨
دوای مردن چی بەسەر ئەو کەسانەدا دێت کە بە باوەڕ لەگەڵ مەسیح یەکیان نەگرتووە؟
لە ڕۆژی دواییدا ئەو حوکمە ترسناکە بەڵام دادپەروەرانە وەردەگرن کە لە دژی ئەوان ڕادەگەیەنرێت. لە حزووری خوداوە فڕێ دەدرێنە دۆزەخەوە، بۆ ئەوەی بە دادپەروەرانە و بە سەختی سزا بدرێن، بۆ هەمیشە.
پرسیاری ٢٩
چۆن ڕزگارمان دەبێت؟
تەنها بە باوەڕهێنان بە عیسای مەسیح و بە مردنەکەی لەسەر خاچ وەک کەفارەت؛ بۆیە هەرچەندە ئێمە تاوانبارین کە سەرپێچی خودامان کردووە و هێشتا مەیلی هەموو خراپەیەکمان هەیە، بەڵام خودا بەبێ ئەوەی شایستە بین بە نیعمەتێکی پاک ڕاستودروستی تەواوەتی مەسیحمان بۆ حیساب دەکات، کاتێک تۆبە دەکەین و باوەڕی پێدەهێنین.
پرسیاری ٣٠
باوەڕ بە عیسای مەسیح چییە؟
باوەڕ بە عیسای مەسیح بریتییە لە دانپێدانان بە ڕاستی هەموو ئەو شتانەی کە خودا لە وشەکەیدا ئاشکرای کردووە، متمانەکردن بەو، هەروەها وەرگرتن و پشوودان بە تەنیا لە ڕێگەی ئەوەوە بۆ ڕزگاربوون وەک چۆن لە ئینجیل پێشکەشمان کراوە.
پرسیاری ٣١
ئێمە بە باوەڕی ڕاستەقینە باوەڕمان بە چی هەیە؟
هەموو شتێک کە ئینجیل فێرمان دەکات. بەیاننامەی باوەڕی نێردراوان بەم وشانە دەریدەخات کە ئێمە باوەڕمان بە چی هەیە: ئێمە باوەڕمان بە خودای گەورەی باوک و دروستکەری ئاسمان و زەوی هەیە؛ باوەڕمان بە عیسای مەسیح هەیە کوڕە تاقانەکەی پەروەردگارمان کە بە ڕۆحی پیرۆز مەڕیەمی پاکیزە پێی دووگیان بوو، و لە دایک بوو، لە ژێر دەستی پۆنتیۆس پیلاتۆس ئازاری چەشت، لە خاچ درا و مرد و نێژرا. دابەزی بۆ دۆزەخ. ڕۆژی سێیەم لە مردن هەستایەوە. بەرزبووەوە بۆ ئاسمان، و لە دەستی ڕاستی خودای باوکی گەورە دانیشتووە؛ لەوێشەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی حوکم لەسەر زیندووان و مردووان بدات. ئێمە باوەڕمان بە ڕۆحی پیرۆز و کڵێسای گشتی جیهانی و هاوڕێیەتی گەلی پیرۆزی خودا و لێخۆشبوونی گوناهەکان و زیندووبوونەوەی جەستە و ژیانی هەتاهەتایی هەیە.
پرسیاری ٣٢
بێتاوانکردن و پیرۆزکردن مانای چییە؟
بێتاوانکردن واتە ڕاستودروستی ڕاگەیەندراومان لەبەردەم خودادا، کە بەهۆی مردن و زیندووبوونەوەی مەسیحەوە دەستمان دەکەوێت. پیرۆزکردن واتە وردەوردە گەشەکردنی ڕاستودروستی ئێمە، کە بەهۆی کاری ڕۆحی پیرۆزەوە لە ئێمەدا درووست دەبێت.
پرسیاری ٣٣
ئایا ئەوانەی باوەڕیان بە مەسیح هەیە لە ڕێگەی کارەکانی خۆیانەوە بەدوای ڕزگاری خۆیاندا بگەڕێن، یانیش لە هەر شوێنێکی تر؟
نەخێر، نابێت، چونکە هەموو شتێکی پێویست بۆ ڕزگاربوون لە مەسیحدا دەدۆزرێتەوە. گەڕان بەدوای ڕزگاریدا لە ڕێگەی کارە باشەکانەوە بە مانای نکوڵیکردن دێت لەوەی کە مەسیح تاکە کەسە دەتکڕێتەوە و ڕزگارت دەکات.
پرسیاری ٣٤
بەو پێیەی ئێمە تەنها بە نیعمەت ڕزگارمان بووە، تەنها لە ڕێگەی مەسیحەوە، ئایا دەبێت هێشتا کاری باش بکەین و گوێڕایەڵی قسەی خودا بین؟
بەڵێ، چونکە مەسیح بە خوێنی خۆی ڕزگاری کردین، بە ڕۆحی خۆی نوێمان دەکاتەوە. بۆ ئەوەی ژیانمان خۆشەویستی و سوپاسگوزاری بۆ خودا نیشان بدات؛ بۆ ئەوەی بە میوە و بەرهەمی باوەڕ لە باوەڕمان دڵنیا بین؛ هەروەها بۆ ئەوەی بە ڕەفتاری خودایی کەسانی دیکە بۆ لای مەسیح بانگهێشت بکەین.
پرسیاری٣٥
بەو پێیەی ئێمە تەنها بە نیعمەت ڕزگارمان بووە، تەنها بە باوەڕ، ئەم باوەڕە لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت؟
هەموو ئەو بەخششانەی لە مەسیحەوە وەریدەگرین لە ڕێگەی ڕۆحی پیرۆزەوە وەریدەگرین، بە خودی باوەڕیشەوە.
بەشی سێیەم
ڕۆح، نوێبوونەوە، گەشەکردن لە نیعمەتدا
پرسیاری ٣٦
ئێمە باوەڕمان بە چی هەیە دەربارەی ڕۆحی پیرۆز؟
کە ئەو خودایە، وەک باوک و کوڕ هەتاهەتاییە. خودا بە هەموو ئەوانەی دەبەخشێت کە باوەڕی پێ دەهێنن، و هیچ شتێک ناتوانێت لێیان وەربگرێتەوە.
پرسیاری ٣٧
ڕۆحی پیرۆز چۆن یارمەتیمان دەدات؟
ڕۆحی پیرۆز گوناهەکانمان مەحکوم دەکات، دڵنەواییمان دەکات، ڕێنماییمان دەکات، بەهرە ڕۆحییەکانمان پێدەبەخشێت، ئارەزووی گوێڕایەڵی خودامان پێدەبەخشێت؛ توانامان پێدەدات نوێژ بکەین و لە وشەی خودا تێبگەین.
پرسیاری ٣٨
نوێژ چییە؟
نوێژ بریتییە لە ڕشتنی ئەوەی لە دڵماندایە بۆ خودا لە ستایش و داواکردن و دانپێدانان بە گوناه و سوپاسگوزاری.
پرسیاری ٣٩
بە چ هەڵوێستێک نوێژ بکەین؟
بە خۆشەویستی و کۆڵنەدان و سوپاسگوزاری؛ بە ملکەچبوون بۆ ویستی خودا، دەزانین کە بەهۆی مەسیح، خودا هەمیشە گوێ لە دوعاکانمان دەگرێت.
پرسیاری ٤٠
نوێژ لە بارەی چی بکەین؟
هەموو وشەکانی خودا (واتە کتێبی پیرۆز) ئاراستەمان دەکات و ئیلهاممان دەداتێ بەوەی کە پێویستە نوێژ لەبارەی چی بکەین، لەوانە وەک ئەو دوعایەی عیسا خۆی فێری کردین.
پرسیاری ٤١
نوێژی پەروەردگار چییە؟
ئەی باوکمان لە ئاسمان، با ناوت پیرۆز بێت، با پاشایەتییەکەت بێ، با خواستت لەسەر زەوی پەیڕەو بکرێت وەک لە ئاسمان. نانی ڕۆژانەمان ئەمڕۆش بدەرێ. لە گوناهەکانمان خۆشبە، هەروەک ئێمەش لەوانە خۆشدەبین کە خراپەمان بەرامبەر دەکەن. مەمانخەرە تاقیکردنەوە، بەڵکو لە شەیتان ڕزگارمان بکە.
پرسیاری ٤٢
چۆن وشەی خودا بخوێنرێتەوە و بیبیسترێت؟
بە کۆشش و ئامادەکاری و دوعا؛ بۆ ئەوەی بە باوەڕەوە وەریبگرین و لە دڵماندا هەڵیبگرین و لە ژیانماندا جێبەجێی بکەین.
پرسیاری ٤٣
ڕێوڕەسمە کڵێساییەکان چین؟
ئەو ڕێوڕەسمانەن کە لەلایەن خوداوە دراون و لەلایەن مەسیحەوە دامەزراون، وەک لەئاوهەڵکێشان و خوانی پەروەردگار، ئەمانە نیشانە و مۆری بینراون کە ئێمە وەک کۆمەڵی باوەڕ بە مردن و زیندووبوونەوەی مەسیح بەیەکەوە بەستراوینەتەوە. بە ئەنجامدانی ئەوانە ڕۆحی پیرۆز بە تەواوی بەڵێنەکانی ئینجیلمان بۆ ڕادەگەیەنێت و مۆری دەکات.
پرسیاری ٤٤
لەئاوهەڵکێشان چییە؟
لەئاوهەڵکێشان بریتییە لە شۆردن بە ئاو بە ناوی باوک و کوڕ و ڕۆحی پیرۆز؛ ئەمە مۆر و ئاماژەیە بۆ لەخۆگرتنمان لەلایەن مەسیحەوە، هەروەها پاکبوونەوەمان لە گوناه، و پابەندبوونمان بە پەروەردگار و کڵێساکەی.
پرسیاری ٤٥
ئایا لەئاوهەڵکێشان بە ئاو خودی شووشتنی گوناهە؟
نەخێر، تەنها خوێنی مەسیح و نوێبوونەوەی ڕۆحی پیرۆز دەتوانێت لە گوناه پاکمان بکاتەوە.
پرسیاری ٤٦
ئێوارەخوانی پەروەردگار چییە؟
مەسیح فەرمانی بە هەموو مەسیحییەکان کرد کە نان بخۆن و لە جامەکە بخۆنەوە وەک یادی سوپاسگوزاری بۆ خۆی و مردنەکەی. خوانی پەروەردگار ئاهەنگێکە بۆ ئامادەبوونی خودا لە ناوماندا؛ دەمانکات بە یەک لەگەڵ خودا و لەگەڵ یەکتریشدا؛ دەبێتە خۆراکی ڕۆحیمان. هەروەها پێشبینی ئەو ڕۆژە دەکات کە لەگەڵ مەسیح لە شانشینی باوکیدا دەخۆین و دەخۆینەوە.
پرسیاری ٤٧
ئایا خوانی پەروەردگار هیچ شتێک زیاد دەکات بۆ کەفارەتەکەی مەسیح؟
نەخێر، مەسیح یەکجار بۆ هەمووان مرد. خوانی پەروەردگار ژەمێکی پەیمانە کە بۆ کەفارەتەکەی مەسیح ئاهەنگ دەگێڕێت؛ وەک چۆن رێگایەکە بۆ بەهێزکردنی باوەڕمان کاتێک سەیری ئەو دەکەین، هەروەها پێشبینیشە بۆ بەشداری لە جەژنی داهاتوو. بەڵام ئەوانەی بە دڵی تۆبەنەکراو بەشداری دەکەن، حوکم لەسەر خۆیان دەخۆن و دەخۆنەوە.
پرسیاری ٤٨
کڵێسا چییە؟
خودا کۆمەڵگەیەک هەڵدەبژێرێت بۆ خۆی و دەیپارێزێت کە بۆ ژیانی هەتاهەتایی هەڵبژێردراوە و بە باوەڕ یەکگرتووە، کە پێکەوە خودایان خۆشدەوێت، شوێنی دەکەون، لێیەوە فێر دەبن، دەیپەرستن. خودا ئەم کۆمەڵگەیە دەنێرێت بۆ ئەوەی ئینجیل ڕابگەیەنن و شانشینی مەسیح پیشان بدەن بە جۆری پێکەوە ژیانیان و خۆشەویستییان بۆ یەکتر.
پرسیاری ٤٩
ئێستا مەسیح لە کوێیە؟
مەسیح لە سێیەم ڕۆژی دوای مردنی بە جەستە لە گۆڕ هەڵسایەوە، ئێستا لە دەستە ڕاستی باوکەکە دانیشتووە و حوکمڕانی شانشینی خۆی دەکات و شەفاعەتیش بۆ ئێمە دەکات، تا ئەو کاتەی کە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی حوکم بدات و هەموو جیهان نوێ بکاتەوە.
پرسیاری ٥٠
زیندووبوونەوەی مەسیح بۆ ئێمە چی دەگەیەنێت؟
مەسیح بە زیندووبوونەوەی جەستەیی سەرکەوتنی بەسەر گوناه و مردندا بەدەستهێنا، بۆ ئەوەی هەموو ئەوانەی متمانەیان پێیەتی زیندوو ببنەوە بۆ ژیانێکی نوێ لەم جیهانەدا و بۆ ژیانی هەتاهەتاییش لە جیهانی داهاتوودا. وەک چۆن ڕۆژێک زیندوو دەبینەوە، بە هەمان شێوە ڕۆژێک ئەم دونیایەش نوێ دەبێتەوە. بەڵام ئەوانەی متمانەیان بە مەسیح نییە، بۆ مردنی هەتاهەتایی زیندوو دەبنەوە.
پرسیاری ٥١
بەرزبوونەوەی مەسیح بۆ ئێمە چ سوودێکی هەیە؟
مەسیح بە شێوەیەکی جەستەیی بۆ ئێمە بەرزبووەوە، هەروەک چۆن بە شێوەیەکی جەستەیی لە پێناوی ئێمە هاتە خوارەوە بۆ سەر زەوی، ئێستاش لەبەردەمی باوکیدا داکۆکیمان لێدەکات، و شوێنێکمان بۆ ئامادە دەکات، هەروەها ڕۆحی خۆیمان بۆ دەنێرێت.
پرسیاری ٥٢
ژیانی هەتاهەتایی چ هیوایەکمان پێ دەبەخشێت؟
ئەوەمان بیردەخاتەوە کە ئەم جیهانە کەوتووەی ئێستا تەنها شتێک نییە کە هەیە؛ بەم زووانە بۆ هەمیشە لەگەڵ خودادا دەژین و دڵخۆش و کامەران دەبین لەگەڵی لە شارە نوێیەکەدا، لە ئاسمانی نوێ و زەوی نوێدا، کە تێیدا بە تەواوی و بۆ هەمیشە لە هەموو گوناهێک ڕزگار دەبین و وەک جەستەیەکی نوێ و زیندووبووەوە لە درووستکراوێکی نوێدا نیشتەجێ دەبین.